shadow

م. ئیبراهیم جەلال 

ریفراندۆم – راپرسی مافێکی بێ چەند و چوونی نەتەوییمانە و پێویستە وەک حکومەت و پارتە سیاسیەکان و وەک نەتەوە لەم هەرێمەدا بەئەرکی سەرەکی خۆمانی بزانین و کاری بۆ بکەین ، بۆبەدیهێنانی بەمەبەستی بەدەستهێنانی سەروەری خاک و سەربەخۆی وەڵاتەکەمان کە کوردستانە .

ئەم ئەرکە پیرۆزە ئەرکی تەنها کەسێک و تەنها حزبێک و لایەنێک و هێزێک نیە، بەڵکو ماف و ئەرک و کاری بە کۆمەڵی هەموو گەلی کوردستان و تاک بە تاک نیشتەجێی هەرێمی باشوری کوردستانە .

                                                      فاکتەرە خۆییەکان
ئەم پرۆسەیە بەو پێیەی کە خاڵی وەچەرخانی مێژویی و سیاسی و بەرێوەبەرایەتی و یاسایی هەمو وڵات و نەتەوەیەکی داگیرکرا و دابەشکراو لێکنراوی بە زۆرە ملێ بێ خواستی نەتەوەیەکە ، پرۆسەیەکی زۆر هەستیار و چارەنوس سازیشە، پێویستی بە سازانی چەندین فاکتەری خۆی (زاتی) و بابەتی (موضوعی) هەیە.

لەم بارودۆخە سیاسیە و ئابوری و ئیداری و فرە نەتەوەیی و ناسەقامگیری ئاشتیەیی ئەمرۆی هەرێمدا کە چەندین قەیرانی بەدوای خۆیدا هێناوە و پێویستی بە یەکلاکردنەوە و فەراهەمکردنی فاکتەرە خۆییەکانە لە پێش فاکتەرە بابەتیەکان :
1-کاراکردنەوەی پەرلەمان بۆ بەیاساکردنی ریفراندۆم و بەمەبەستی دیاریکردنی کاتی ریفراندۆم ، چونە دەنگدان ، شوێنەکانی دەنگدان ، ناوچەکانی دەنگدان ، ماوەی جێبەجێکردنی دوا بریاری دەنگدەران و پەسەندکردنی دوا ئاماری دەنگدان لە ئەنجامگیریەکەی دەنگدان .
2-چارەسەرکردنی قەیرانە ئابوری و داریی و سیاسی و ئیدارییەکان بە چارەسەری هەر سێ سەرۆکایەتی (پەرلەمان و هەرێم و حکومەت) و کێشەی بودجە و بژێوی خەڵک و شەفافیەتی هەناردەکردنی نەوت و گاز و کۆتاییهێنان بە سیستمی پاشەکەوت کە دزییەکی ئاشکرای ناو گیرفانی موچەخۆر و پەکخستنی هەموو پرۆژە خزمەتگوزاری و بەرهەمهێنەر و کۆمپانیاکانە.

3- ناوچە جێ ناکۆکی لەسەرەکان واتە جێبەجێکردنی ماددە (140) و چارەسەری ئەو گرێ گەورەیە ، کەناکرێ تا ئەم کێشەیە یەکلا نەکرێتەوە ریفراندۆم بکرێ، ناشێ و ناکرێ هەرێمی کوردستان ریفراندۆم لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە دا بکات کەرکوک و شێخان و سنجار و خانەقین و دوز و ناوچەکانیتری چوارچێوەی مادەی (140) فەرامۆش بکرێن، ئەگەر چارەسەری ئەو کێشەیە پێش ریفراندۆم نەکرێ بەدەستی خۆمان باشوری کوردستان پارچە پارچە دەکەین و شەرعیەت بە دابڕانیان دەدەین .
4- بیرکردنەوە لە کانزاکانی ئاو ، نەوت ، گاز و ئایندەیان و دەرچەی بەرهەم هێنانی و فرۆشتن و هەناردەکردنیان.

کەباسی ئاو دەکەم گرنگیەکەی گەر لە نەوت و گاز زیاتر نەبێ کەمتر نیە ، بەداخەوە تائێتسا تۆرێکی فراوانی ئاومان نیە، جگە لە چەند لەمپەرێکی بابەتی لەمپەری دووکان و دەربەندیخان و مەترسی گەورەشمان لە پێشە کە سەرچاوە گەورەکانی ئاوی سیروان ، زێی بچوک زێی گەورە ئەو سەرچاوانەی تریشمان کە لەو دیوو سنوری نێوان هەرێم و ئێران و تورکیا وە دێتە ناو هەرێم.

5-فاکتەری یەکریزی و یەکدەنگی سەرجەم هێز و حزب و رێکخراوە سیاسیەکان و فەراهەمکردنی کۆ دەنگی تەواو لە شێوە و جۆر و ئامانج و ریفراندۆمەکە ئەم فاکتەرەشیان لەپەرلەمانە .

6-لە ئێستادا بەهۆی بارودۆخی ناهەمواری هەرێم و پێشێلکردنی سەرورەری خاکی باشوری کوردستان بەشێکی لەلایەن داعش و بەشێکیشی لەلایەن سوپای تورکیاوە تا کۆتایی هێنان بەو پێشێلکاری و گێرانەوەی ئەو ناوچانە ریفراندۆم نەشیاوە ، چونکە سەربەخۆیی بێ سەروەری بێ مانایە.

                                                          فاکتەرە بابەتیەکان
1-پەیداکردنی بڕوای نێو نەتەوەیی (اعتراف الدولی) لە رێگەی کاری دیبلۆماسیەوە بۆ بڕواهێنان بە ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەربەخۆی لە باشوری کوردستان ئەویش بە پەیوەندی بەوڵاتانی زلهێز و ئەوروپا و عەرەبییەکان .

2- گفتوگۆی بەردەوام لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ تا جیابونەوە بە شێوەی رەزامەندی دوو لایەنەیی کە لە ئایندەدا دوو هاوسێی کۆک و تەبا و هاوکاری یەک بین .

3-کارکردن لەسەر بێ لایەن کردنی تورکیا و ئێران لەسەر پرسی سەربەخۆی باشوری کوردستان وبەردەوامی ئاڵوگۆری بازرگانی نێونیان ، مسۆگەرکردنی دانەخستنی سنور لەسەر باشوری کوردستان .

گەر ئەم ئەرک و فاکتەرانە مەسۆگەر نەکرێ ، گومان لەسەر سوربونی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەئەنجام گەیاندنی ریفراندۆم ، کە بیانەوێ ئەم پرۆسە گرنگە بکەنە هۆکارێک بۆ:

1-پەردەپۆشکردنی سەرجەم قەیرانەکانی ەهەرێمی کوردستان .
2-ریفرانددم بکرێتە هۆکارێک بۆ بەهێزکردنی پێگەی پارتی لەسەرۆکایەتی هەرێمی و سەرۆکایەتی حکومەت و ئیفلیجکردنی پەرلەمان و دواخستی هەڵبژاردنی لە کوردستان و هاوبیرکردنی کەرکوک لە هەرێم و ریفراندۆم بەمەبەستی قایل کردنی وڵاتی تورکیا .

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *