shadow

شار پرێس | ئەگەری ئەنجامدانی كۆبونەوەی لوتكە لەنێوان گۆڕان‌و یەكێتی لەئارادایە، بەرپرسانی هەردوولا ئەنجامدانی كۆبوونەوەكەش ڕەتناكەنەوەو بەناڕاستەوخۆش بەپێویستی دەزانن. بەپێی زانیارییە ڕۆژنامەوانییەكان هەوڵێك لەئارادایە بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوە لەنێوانیەكێتی نیشتمانیی كوردستان‌و بزووتنەوەی گۆڕان لەئاستی باڵادا كە لەلایەن یەكێتییەوە هەریەك لەكۆسرەت رەسوڵ‌و بەرهەم ساڵح‌و هێرۆ ئیبراهیم‌و لەگۆڕانیش  نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزووتنەوەكە بەشداری تێدا بكەن، بەمەبەستی لێكنزیكبوونەوەی هەردوولاو بیرو ڕائاڵوگۆڕكردن لەسەر پرس‌و كێشە هەنووكەییەكانی هەرێم‌و عێراق‌و ناوچەكە.

پێگەی (SNN) سەر بەیەكێتی نیشتمانی لەزاری سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و لێپسراوی مەكتەبی پەیوەندییە گشتییەكانی یەكێتی بڵاویكردووەتەوە “ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی وەهام نەبیستووە”. رایشگەیاندووە “زۆر ئاساییە لایەنە سیاسییەكان كۆبوونەوەی دوو قۆڵی‌و سێ‌ قۆڵی‌و فراوانیش ئەنجامبدەن، ڕەنگە بەهۆی هەلومەرجی ئێستا ناوخۆی هەرێم‌و ناوچەكەش كە زیاد لەكێشەیەك لەئارادایە ئاڵوگۆڕی بیروڕاو لەنێوان لایەنە كوردییەكان پێویستیش بێت”.

لای خۆشیەوە، محەمەد تۆفیق رەحیم، رێكخەری‌ ژووری‌ پەیوەندییە دبلۆماسییەكانی‌ بزوتنەوەی گۆڕان بەهەمان پێگەی رایگەیاندووە “ئاگاداری كۆبوونەوەیەكی وەها نیم‌و هیچ زانیاریم لەسەر نییە”.

لەدوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە (17/12/2012)‌و پابەندنەبوونی یەكێتی لە”لێكتێگەیشتنی دەباشان” پەیوەندییەكانی نێوان گۆڕان‌و یەكێتی رووی لەئاڵۆزی كردووەو لەو بەروارە بەدوای هیچ كۆبوونەوەیەكی فەرمی لەنێوان بەرپرسانی ئەو دوولایەنە ئەنجامنەدراوە.

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *