shadow

دوای ئەو تاوان و پێشێلکارییەی میلیشیا چەکدارەکان و تورکمانەکانی ناو حەشدی شەعبی لە خورماتوو ئەنجامیاندا، لە ئێستادا دۆخی قەزاکە بەرەو هێوربوونەوە دەچێت و لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرینی (ی.ن.ک) دەڵێت:” لایەنی بەرانبەریش گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی ئەوەی کردوویانە بۆیان ناچێتەسەر.

مەلا کەریم شکور، لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرینی (ی.ن.ک)، رایگەیاند:”دۆخی خورماتوو بەراورد بە رۆژانی سەرەتای ماڵوێرانی و تەقاندنەوەی خانووەکان و شەهیدکردنی هاوڵاتیان بەرەو هێوربونەوە دەڕوات”، ئەوەشیخستەڕوو:”لە ئێستادا سەرجەم هەوڵەکانی ئێمە لە چوارچێوەی ئەوەدایە دۆخەکە ئارام بکەینەوەو هاوڵاتیان بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان”.

بەوتەی لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرینی (ی.ن.ک)، سەرجەم کارەکان لە چوارچێوەی هاوکێشە سیاسییەکان وەستاوە، پێویستە هەوڵی ئەوە بدرێت ئەو بارە لارەی روویداوە راستیبکەینەوە، هەروەها باسی لەوەشکرد:”ئەگەر بتوانرێت لە هاوکێشە سیاسییەکان بەهێز بینەوە ئەوە ئەتوانرێت کێشەکانی دیکە چارەسەربکرێن”.

مەلا کەریم، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد:”بەڵام ئەگەر لە هاوکێشە سیاسییەکان نەتوانین بەهێز بینەوە ئەوە ناتوانرێت کێشەکان چارەسەربکرێن”، هەروەها وتیشی:”ئێمە لە رووە مرۆیەکەوە کارمان کردووە، بەڵام قەرەبووکردنەوەی زیانەکان و ئاوادانکردنەوەی ناوچەکە لەسەر هاوکێشە سیاسییەکان وەستاون”.

لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرینی (ی.ن.ک)، راشیگەیاند:”هەندێک هاوڵاتی خورماتوو لە ئێستادا دەگەڕێنەوە، چونکە لایەنی بەرانبەریش هەستەکەن ئەوەی کردوویانە بۆیان ناچێتەسەرو هەوڵی ئەوە دەدەن خەڵک بگەڕێتەوە”.

جێگەی باسە لە دوای توندوتیژییەکانی ئەو قەزایەوە 126000 کەس ئاوارەبوون و 152 خانوو تەقێندراونەتەوە، 12 بارەگای حیزبی سووتێندراون، 5 رادیۆ و 1 تەلەفیزیۆن تاڵان و سووتێندراون،1102 خانوو و 380 دوکان و مۆڵ، 19 کارگە و چێشتخانانە تاڵان و سووتێندراون، هەروەها لە هەردوولا 112 کوژراو و 297 بریندار هەیەو 31000 خێزان ئاوارەبوونەو زیانەکانی شەڕەکە بە نزیکەی 1 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.

هەروەها رێكخراوی لێبووردنی نێوده‌وڵه‌تی (ئه‌منستی ئینته‌رناشناڵ) رایگه‌یاند: له‌ كاتی كۆنترۆڵكردنی خورماتوو و ناوچه‌كانی دیكه‌دا، حه‌شدی شه‌عبـی پێشێلكاریی ئابڕووبه‌رانه‌یان كردووه‌.

ژیانی ژماره‌یه‌كی بێشومار له‌ ژن ‌و پیاو و منداڵ وێران كران

رێكخراوه‌كه‌ له‌ راپۆرتێكدا كه‌ ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ بڵاویانكردۆته‌وه‌، ده‌شڵێت: مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان ‌و گرته‌ی ڤیدیۆیی ‌و شایه‌تیی دانیشتووان، ده‌ریانخستووه‌ كه‌ دوای هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی توند له‌ نێوان حه‌شدی شه‌عبـی ‌و پێشمه‌رگه‌ له‌ خورماتوو له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌دا، مه‌ده‌نییه‌كان ناچاركراون ماڵ‌و حاڵی خۆیان جێبهێڵن.

لین مه‌علوف به‌ڕێوه‌به‌ری توێژینه‌وه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ رێكخراوی لێبووردنی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ڵێت: له‌ ماوه‌ی چه‌ند سه‌عاتێكی كه‌مدا له‌ خورماتوو، ژیانی ژماره‌یه‌كی بێشومار له‌ ژن ‌و پیاو و منداڵ وێران كران، هه‌زاران كه‌س ماڵ ‌و خانوو و دوكان ‌و هه‌موو ئه‌وه‌ی هه‌یانبوو له‌ده‌ستیان دا‌و ئێستا له‌ كه‌مپ ‌و گوند ‌و شاره‌كانی نزیك له‌ خورماتوو، گیرساونه‌ته‌وه‌.

حكومه‌تی عیراق هیچ شتێكی پێویستی نه‌كردووه‌

له‌ رۆژانی نێوان 18 بۆ 23 ی ئه‌م مانگه‌دا، رێكخراوی لێبووردنی نێوده‌وڵه‌تی دیداری له‌گه‌ڵ 42 كه‌س له‌و خه‌ڵكه‌ كرد كه‌ به‌ ناچاریی خورماتوویان جێهێشتووه‌، هه‌روه‌ها شرۆڤه‌ی وێنه‌‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌كانی كردووه‌ كه‌ دانیشتووانه‌ ئاواره‌كه‌ی خورماتوو پێشكه‌شی رێكخراوه‌كه‌یان كردووه‌‌و ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ خانوو و موڵكی دیكه‌ی هاووڵاتیان زیانی زۆری به‌ركه‌وتووه‌ ‌و دووچاری سووتاندن ‌و تاڵانكردن بوونه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها لێبووردنی نێوده‌وڵه‌تیی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌: ئاواره‌كان دووچاری دۆخێكی سه‌خت بوونه‌ته‌وه‌‌و حكومه‌تی عیراقیش هیچ شتێكی پێویستی نه‌كردووه‌ بۆ به‌رگرتن له‌و پێشێلكارییانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ كورد كراون.

هه‌ڵوێستی UN ‌و هیومان رایتس وۆچ

دوای ئه‌وه‌ی رۆژی 16ی ئه‌م مانگه‌ حه‌شدی شه‌عبـی ‌و هێزه‌ عیراقییه‌كان په‌لاماری شاری كه‌ركوك ‌و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستانیاندا، به‌هۆی كوشتن ‌و سووتاندن ‌و ده‌ركردنی هاووڵاتیانی كورده‌وه‌، ده‌یان هه‌زار هاووڵاتی كورد له‌ دانیشتووانی ئه‌و ناوچانه‌ ئاواره‌ بوون ‌و روویان له‌ ناوچه‌ ئارامه‌كانی دیكه‌ی كوردستان كرد.

لای خۆشیانه‌وه‌ رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ‌و هیومان رایتس وۆچ رایانگه‌یاند: «حه‌شدی شه‌عبـی له‌ كاتی كۆنترۆڵكردنی خورماتوو و ناوچه‌كانی دیكه‌دا، پێشێلكاریی ئابڕووبه‌رانه‌یان كردووه‌».

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *