shadow

 

فەرید ئەسەسەرد

لە سیاسەتدا، هەروەک لە شەڕیش، بڕیاری چەوت‌و نابەرپرسانە زیانی گەورەو زۆر جار کارەساتی لێ دەکەوێتەوە. هیچ شتێک ناچاری نەکردبووین خۆمان تووشی شەڕێکی دۆڕاو بکەین‌و دەرفەتێکی زۆر بۆ دەرچون لەقەیرانەکە، بەقازانجەوە، لەئارادا بوو.
پێش ئەوەی شەڕەکە لەڕووی عەسکەرییەوە بدۆڕێنین، لەڕووی سیاسییەوە دۆڕاندبوومان، چونکە کۆمەڵی نێودەوڵەتی پشتگیریی لێ نەکردین. ئەمەش یەکەم زەنگی مەترسی بوو کە دەبوایە دەستەبژێری سیاسیی فەرمانڕەوا بەهەند وەری گرتبا.
لە ماستەرنامەکەیدا دەربارەی هەماهەنگیی نێوان نەمساو بەریتانیا لە سەدەی نۆزدەهەم بۆ هێنانە دیی ئاشتییەکی سەقامگیر لە ئەوروپای پاش شکستهێنانی ناپلیۆن، هێنری کسنجەر دەڵێت “لێهاتوویی دەوڵەتمەدار لەوە دایە کە بتوانێت هەڵسەنگاندنێکی دروست بۆ پەیوەندیی نێوان هێزەکان گەڵاڵە بکاو بەپێی ئەو هەڵسەنگاندنە کار بۆ بەدیهێنانی ئامانجە خوازراوەکان بکات”. خاڵی لاوازی دەستەبژێری سیاسیی کورد سەرەڕای ئەزموونی دەوڵەمەندی لە سیاسەتدا، لەوە دایە کە ئەو هەڵسەنگاندنە دروستەی نەبووە.
لە بەردەم مایکرۆفۆن‌و کامێراکاندا سیاسەتمەدارێکی ناسراوی ئەو دەستەبژێرە نەڕاندی “ئێمە پێشبینیی ئەو کاردانەوە بەهێزەمان نەدەکرد”. ئەمەش کڕۆکی مەسەلەکەیە. پێشبینی نەکردنی ئەو کاردانەوەیە، شکستێکی سیاسی- عەسکەریی لێ کەوتەوە. داننان بە هەڵەدا خۆی لەخۆیدا ئازایەتییە. بەڵام ئەم داننانە بەس نییەو کۆتایی مەسەلەکەش نییە، بەڵکو سەرەتایە.
هەنگاوی یەکەم بۆ سڕینەوەی ئاسەواری هەڵەکە، پەی بردنە بەوەی کە ئەو کەسانەی هیچ تێڕوانینێکی دروستیان بۆ رەوشەکە نەبووە، شیاوی ئەوە نین لە شوێنەکانی ئێستایان بمێننەوە چونکە ئەو کەسانە مەرجەکانی سەرکردایەتییان تێدا نییە. پاش ئەم پەی پێ بردنە، هەنگاوەکانی تر دەست پێدەکەن.
دەستبژێری سیاسیی کورد تا ئێستا هیچ لێکدانەوەیەکی روونی بۆ ئاکامە خراپەکان نییە. بە هۆی بیرکردنەوە و هەڵسەنگاندنی نادروستی ئەو دەستەبژێرەوە، کوردستان لەماوەی پێنج رۆژدا نزیکەی 25 شار و شارۆچکەی لە دەست داو پانتاییەک زەویی گەورەتر لەدەوڵەتێکی وەک لوبنان دۆڕاند.
لەو پانتاییە 35%ی، لەسنووری پارێزگای هەولێرەوە تا دوزخورماتوو، بە شەڕ و پاشان بە کشانەوەی هێزەکان لە دەست دراوە، 15%ی لەقەرە تەپەوە تا خانەقین، بەبێ‌ شەڕ و بە پێی رێککەوتنی مەیدانی‌و 50% ی لە مەخمورەوە بە شێوەیەکی کەوانەیی تا شەنگال، بە بێ‌ شەڕو بەبێ‌ رێککەوتنی مەیدانی.
ئەمە بەم واتایە دێت کە جوگرافیای کارەساتەکە زۆر گەورەیە، بەڵام ئەمە هەموو زیانەکە نییە چونکە بڕێکی دیکەی زیان هەیە کە ئەمجارە، بەبێ‌ شەڕ و بە بێ‌ لەشکرکێشی، لەسەر مێزی گفتوگۆ، بەر کوردستان دەکەوێت.
ئەو دەستەبژێرە سیاسییەی کە ئەم هەموو زیانەی بە کوردستان گەیاندووە، توانای ئەوەی نییە ئایندەیەکی باشتر بۆ کوردستان دابین بکات. هەروەک ئەزموونەکە نیشانی داوە، وڵات بەم سیستمە سیاسییەی ئەمڕۆ کاری پێ دەکرێت و بەم سیستمە حزبییەی کە زۆر بەخراپی بەڕێوە دەچێت و بەو سەرکردایەتییەی کە کاروباری گشتی بەڕێوە دەبات، ناتوانێت پێشکەوتن‌و سەقامگیرییەکی درێژخایەن بۆ خۆی دابین بکات.
ئەزموونە شکستخواردووەکان ئەزموونی تفت و تاڵن بەڵام بە بێ‌ ئەم ئەزموونە شکستخواردووانە سەرکردەی باش و سەرکردەی خراپ، بیرکردنەوەی دروست ‌و بیرکردنەوەی چەوت، لێک جیا ناکرێنەوە.

 

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *