shadow

وەفدێکی باڵای ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانی سەردانی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەکەن ، هەردوولا جه‌خت لەسەر پێویستی بەستنی کۆنگرەی یەکێتی لەداهاتوویەکی نزیکدا دەکەنەوە، وەفدەکەی ئەنجومەنی ناوەندی داوای دیاریکردنی رۆژی کۆنگرە لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەکەن و رایدەگەیەنن کارەکانی هەموارکردنی رەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیش لەتەواوبووندایە.

ئه‌مڕۆ دوو شەممە 8ی کانوونی دووەمی 2018 وەفدێکی باڵای ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانی کە پێکهاتبوون لەسکرتارییەت و لێپرسراوی کۆمسیۆنەکانی ئەنجومەنی ناوەندی، سەردانی هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د یان کرد، له‌دیدارێکدا بارودۆخی‌ ئێستای کوردستان و رۆڵ و سیاسه‌تی یه‌کێتیی‌ نیشتمانی بۆ ده‌ربازبوون لەکێشە و قەیرانەکان، لەگەڵ چۆنیەتی زەمینەسازی و ھەنگاونان بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی تاوتوێکرا.

له‌و دیداره‌دا، هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ئاڕاسته‌ی‌ سیاسه‌ت و ستراتیژی‌ یه‌کێتیی‌ نیشتمانیی‌ کوردستانی‌ بۆ ده‌ربازبوون له قەیران و کێشەکان روونکردەوە و ئاماژەی بەهەوڵە بەگەڕخراوەکانیشدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەنێوان حکومەتی هەرێم و عیراقی فیدڕاڵ، لەچوارچێوەی مافە دەستورییەکانی گەلی کورد.

لەبەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، بیروڕا سەبارەت بە دۆخی یەکێتی و چۆنیەتی زەمینەسازی و ھەنگاونان بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاڵوگۆڕکرا و هەڤاڵانی ئەنجومەنی ناوەندی رایانگەیاند کە کارەکانی لیژنە تایبەتەکەیان بۆ هەموارکردنی رەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی لەتەواوبووندایە و دوای کۆبوونەوەی فراوانی ئەنجومەنی ناوەندی لەسەری ئاڕاستەی سەرجەم ئۆرگانەکانی دیکەی یەکێتی دەکەن بۆ وەرگرتنی تێبینی و سەرنجەکان بەمەبەستی دەوڵەمەندکردنی زیاتری تاوەکو لەگەڵ دۆخی ئێستای یەکێتی و ئەم قۆناغەی خەباتتدا بگونجێت، لەبەرامبەریشدا هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د گرنگی هەنگاونانی هەمووانی بۆ بەستنی کۆنگرەی یەکێتی دووپاتکردەوە.

لەو سەردانەدا وەفدەکەی ئەنجومەنی ناوەندی لەگەڵ جەختکردنەوەیان لەسەر یەکڕیزی و تەبایی ناو یەکێتیی لەچوارچێوەی رێبازی چەپکە گوڵەکەی مام، هاوکات داوایان کرد ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەزووترین کات کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات و تیایدا بڕیار لەسەر دیاریکردنی رۆژی بەستنی کۆنگرەو رێوشوێنەکانی بدەن، لای خۆشیەوە، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد له‌گه‌ڵ ستایشکردنی‌ کار و هه‌نگاوه‌کانی ئەنجومەنی ناوەندی بەتایبەت هەڵوێست و پەیامیان بۆ بەستن و دیاریکردنی رۆژیکۆنگرە، جەختی لەسەر پێویستی بەستنی کۆنگرەی یەکێتیش لەداهاتوویەکی نزیکدا کردەوە.

لە تەوەرێکی تردا بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عیراق و کوردستان گفتوگۆی لەسەرکرا و پێویستیی تەواوکردنی ئامادەکارییەکان بۆبەڕێوەچوونی پڕۆسەکە بەسەرکەوتووی لەلایەن دامودەزگا پەیوەندیدارەکانەوە دووپاتکرایەوە.

 

 

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *