shadow

ئەمرۆ 17/5/2017 ساڵێک بەسەر رێککەوتننامەکەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆران تێدەپەرێت ، وتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندیش گرنگی ئەم رێکەوتنامەیە ئاشکرا دەکات، دەشڵێت “ئەو رێککەوتنە بەدیهاتنی خەونێکی هەڤاڵ مام جەلال بوو کە پێشتر هەوڵی بۆ دابوو”.

لەتیف نێروەیی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ سایتى ئەنجومەنی ناوەندی PUKcc رایگەیاند: رێککەوتننامەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆران گرنگی تایبەتی خۆی هەبووە چونکە ئەو رێککەوتنە بەدیهاتنی خەونێکی هەڤاڵ مام جەلال بوو کە پێشتر هەوڵی بۆ دابوو ، هەروەها ئاشتی کۆمەڵایەتی لە سنوری پارێزگای سلێمانی هێنایە ئاراوە و لە ساییەی ئەم رێککەوتنامەیە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەرین چوە بواری جێبەجێکردنەوە .

وتیشی: بەرهەمێکیتری ئەو رێککەوتننامەیە فراکسیۆنەکانی یەکێتی و گۆرانی لە بەغدا کرد بە یەک تیم لە راپەراندنی کارەکانیان و بەرگریکردن لە مافە رەواکانی گەلی کوردستان لەسەر یاسای بودجە و پێشمەرگە و ناردنی پارەی گەنمی جوتیاران و هەموو ئەو یاسانەی کە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەبووە، بەهەمان شێوەیش فراکسیۆنی سەوز و نیلی لە پەرلەمانی کوردستان وەک یەک تیم کاریان کردوە بۆ گۆرینی سیستمی سیاسی لە سەرۆکایەتیەوە بۆ پەرلەمانی ، هەر چەندە پەرلەمانی کوردستان پەک خراوە بەڵام لە زۆربەی بوارەکاندا یەک هەڵوێست بوون.

وتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندی لە لێدوانەکەیدا بۆ PUKcc ئەوەشی خستەروو: لەسەرئاستی سیاسیش ئەم دوو لایەنە هەندێک کاریان کردوە ئەگەر بڕیاریان پێکەوە نەدابێت تێروانیان وەک یەک بوە، بۆ نمونە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و بارودۆخی کوردستان و عێراق و خەباتی کورد لە پارچەکانیتری کوردستان .

لەتیف نێروەیی لەوەڵامی پرسیاری ئایا ئەوەی بەدیهاتوە لە رێککەوتننامەکەی یەکێتی و گۆران بەپێی داوا و خواستی سەرکردایەتی و جەماوەری هەردولایە؟ وتی: بێگومان نەخێر، هەردولامان ویستومانە و هەنگاویشیان بۆ ناوە بەڵام کە ئەو خواستە نەهاتوەتە دی مەبەستدار و بەرنامە نەبووە.

لەسەر رێگری و بەربەستەکانی رێککەوتنامەکەیش ئاشکرایکرد: بەربەستەکانی رێککەوتنامەکە بەدەربوون لە هەردوو لا، دۆخی ناهەمواری سیاسی و ئیداری و درایی ئەو قەیرانه ئابورییەی کە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتەوە هەروەها دۆخی ناهەمواری یاسایی کە پەکخستنی دەزگا شەرعیەکانی هەرێمی کوردستان بوو، بونە بەربەرست لەبەردەم جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنامەکە.

لەسەر هەوڵە بەردەوامەکانی یەکێتی بۆ چارەسەری کێشەکان و جدیەتی یەکێتی بۆ جێبەجێکردنی رێکەوتتانەمەکەی لەگەڵ گۆران ، وتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: یەکێتی نیشتیمانی کوردستان جددییە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم ، یەکێتی زیاتر لە هەموو لایەک هەوڵدەدات و پرۆژە و نەخشە رێگا پێشکەش دەکات و سەردانی هێز و لایەنە سیاسیەکان دەکات بۆ ئەوەی قەیرانی سیاسی و یاسایی و ئابوری چارەسەر بکات، بەچارەسەرکردنی ئەو قەیرانانە دەرگا بەرووی جێبەجێکردنی رێککەوتنامەکە وڵا دەکرێت .

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *