shadow

هێزەر ناورت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، جەلال تاڵەبانی سەرکردەیەکی سیاسی ڕاستی بوو بۆ هەموو عێراقییەکان.

هێزەر ناورت دوێنێ لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا وتی “وەک حکومەتی ئەمریکا زۆر نیگەران بووین بە بیستی کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق.”

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی خانەوادەی تاڵەبانی و خەڵكی عێراق کرد و ڕاشیگەیاند “تاڵەبانی سەرکردەیەکی سیاسی ڕاستی بوو بۆ هەموو عێراقییەکان.”

ئاماژەی بەوەش کرد، هاوپەیمانی تاڵەبانی لەگەڵ ئەمریکا لەبیر ناکەن لەماوەی سەرۆکایەتدا لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٥وە بۆ ٢٠١٤.

دوێنێ ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتی یەکێتی کۆچی دوایکرد و بەرپرسان و لایەنەکانی هەرێم بەجیا پەیامیان لەسەر ئەو ڕووداوە هەبوو.

بەهۆی کۆچی دوایی تاڵەبانییەوە بارزانی لە پەیامێکدا هەفتەیەک ماتەمینی گشتی لە هەرێمی کوردستاندا ڕاگەیاند و وتیشی “باشترین وەفا بۆ گیانی تاڵەبانی و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری گەلەکەمان ئەوەیە کە یەکڕیزیمان پتەو بکەین.”

جەلال تاڵەبانی ناوی تەواوی (جه‌لال شێخ حیسامه‌دین شێخ نورى كوڕ‌ى شێخ غه‌فوورە)ە و بە (مام جەلال) ناسراوە، لە ١٢ی تشرینی دووەمی ١٩٣٣ لە دایکبووە و خوێندنى کۆلێژی یاساى لە زانکۆى بەغدا تەواو کردووە.

هاوسەرەکەى ناوى هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدە و دوو منداڵیان بە ناوەکانى قوباد و بافڵ هەیە.

لە ساڵى ١٩٧٦ لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێکانیدا یەکێتیى نیشتمانیى کوردستانى دامەزراند. لە دواى دامەزراندنى یەکێتییەوە بە بەردەوامى سکرتێرى گشتیى ئەو حزبە بووە.

٦ى نیسانى ٢٠٠٥ بووە یەکەم سەرۆک کۆمارى هەڵبژێردراوى عێراق لە دواى ڕووخانى ڕژێمى سەدام حسێن. هەورەها یەکەم سەرۆک کۆمارى کورد بووە لە عێراقدا.

لە ٢٤ى تەمووزى ٢٠١٤ و لە دواى دوو خول مانەوەى لە پۆستى سەرۆکایەتیى کۆماردا، فوئاد مەعسوم بوو بە سەرۆک کۆمارى عێراق و شوێنەکەى جەلال تاڵەبانى گرتەوە.

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *