shadow

ئێمە چەوتین ، ئێمە تەکەتولچین لەسێدارەمان بدەن
عەبدولواحید دوکانی
ئێمەین ، من و هاوڕێ و هاوتەمەنەکانم لەناو یەکێتی کە تاوانبارین و پێویستە سزای شۆڕشگێڕانە بدرێین ، ئێمەین نەمانتوانیوە سوکنایی بە دڵی دایک و خێزانی شەهید بدەین ، ئێمەین دەستمان نەخستۆتە سەر برین و زامی پێشمەرگە ، ئیعداممان کەن .
ئێمەین بۆ مانەوەی ساڵانێکی زۆرتر لەسەر کورسیەکان هەموو جوانی و شکۆمەندیەکمان هەڕاج کردوە لەبازاڕا ، ئێمەین لامانداوە لە ڕێبازەکە و چەپکە گوڵەکەی مام ، ئێمەین بۆمانەوەمان هەموو شتێکمان کردوە ، ئیعداممان کەن .
ئێمەین سەربەرزی یەکێتیمان گۆڕیوەتەوە بە دراو ، ئێمەین تانکەرە ئەکترۆسەکانمان تەژی تەژی لەنەوت بە ڕێگاکانەوەن ، ئێمەین هۆتێل و ڤێلاکانمان چۆتە کەشکەڵانی فەلەک ، ئێمەین کارگەو بانکەکانمان پشک پشکێنە کردوە بەسەر خۆماندا ، ئیعداممان کەن .
ئێمەین بۆ ئافەرینی حزبێکی تر چاومان لەهەموو شتێک نوقاندوە ، ئێمەین ڕێکخستنەکان و کادرەکانمان توڕە کردوە ، ئێمەین ئەو درزە گەورەمان کردۆتە نێوان خۆمان و شەقامەوە ، ئێمەین درۆ دەکەین و ڕێککەوتننامەکان جێ بەجێ ناکەین ، ئێمەین بێ وەفا بوین لەبەرامبەر مامۆستاو جوتیارو کاسبکارو خوێندکاردا ، ئیعداممان کەن .
ئێمەین توانای حزب و ئەم میلەتەمان بەهەدەرداوە ، ئێمەین ئاهەنگ و گەشتەکانمان نەبڕاوەن ،ئێمەین درعی ئۆتۆمبێلەکانمان و دڵمان بۆ یەکێتی یەک لەیەک رەقترە ، ئێمەین مناڵەکانمان لە زانکۆکانی دەرەوە بە هەزاران دۆلار مەسرەفی رۆژانەیانە ، ئێمەین باخ و مەزرەعەکانمان پڕە لە شێرو تاوس و پڵنگ و کەناری ، ئیعداممان کەن .
خەتای ئێمەیە ، ئێمەی گەنجان و کادرانی یەکێتی ، بمانسوتێنن چونکە خۆمان بۆئازارێکی دان ئێشە لە سوید و نەمساین و ژنەکانمان بۆ میکاجێک لە مۆڵەکانی بەیروتن ، ئێمەین مۆدێلی ئۆتۆمبێلەکانمان تەنها شەش مانگ بڕ دەکات و ناچار دەبێ بەر لە ئەوروپیەکان بیگۆڕین .
ئێمەین دیسپلینمان نەپاراستوەو قییەمی حزبیمان پێشێل کردوە ، ئێمەین لەکەناڵەکانی نەیارەوە یەکتر دەشۆینەوە ، ئێمەین لە پەیجی هەوادارەکانمانەوە هەزارو یەک جنێو بەیەکتری دەدەین و خۆشمان و خەڵکی یەکێتیشـمان بەخۆمانەوە ڕیسوا کردوە ، ئیعداممان کەن .
بمانکوژن وردوردمان کەن ، ئەوە ئێمەین پاسەوانەکانمان کردوە بە عەنتەر و چیان بوێت ئاوا دەکەن ، ئێمەین ، بەڵێ گەنجانی یەکێتین شاخمان توڕەکردوەو لەشارلوتەلاین و لە پێدەشت تۆراوین ، ئێمەین دەفتەری مێژووی داستانەکانی پێشمەرگەمان دڕاندوەو دابان هەلاج و رزگاری و حەمک و هەورێ و شەڕی کۆڵان بەکۆڵانی ڕێکخستن و پێشمەرگەکانمان لەبەرچاوی خەڵک سڕیوەتەوەو رەشکردوە ، بمانسوتێنن ،ئیعداممان کەن ،هەموی خەتای ئێمەیە .
دەوەرن شاربەدەرمان کەن ، تەرەمان کەن لەم وڵاتە ، ئێمە ئێوەی سەرکردەکانمان بێتاقەت و مەحزون کردوە ، هیچی تر بێتاقەتی نەتانگرێ و قسەبەیەکتر مەڵێن بەخۆڕایی ، وەرن ئێمە لەسێدارە بدەن ، خەتای ئێوە نیە ، ئێوە هەمیشە پاک و پاڵەوان و پێشڕەون و بمێننەوە ،ئێمەین بۆ سوپاس و سەڵتەنەت بەناشەرعی عومری کورسی بۆ سەرۆک درێژدەکەینەوەو 20 کورسی پەرلەمان بەو ڕاکێشانە دەدۆڕێنین ، ئێمە نازانین سیاسەت بکەین و یەکێتیمان داوەتە دەستی قەدەر .
ئێمەین ، بەڵێ کادرو رەش و روتەکەی خوارەوەین کەجگە لە گیرفان ژیان و وڵاتمان بیرچۆتەوە بۆیە ئێمە ئیعدام کەن ، ئێمە نەجات بەن

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *