shadow

ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه‌ رێکه‌وتى 2 ى 10 ى 2017 کۆمارى ئیسلامى ئێران مه‌رزى نێوده‌وڵه‌تى په‌روێزخانى داخست، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندی مه‌رزه‌که‌ش رایده‌گه‌یه‌نێت “بڕیارى داخستنه‌که‌ بۆ ماوه‌ى دوو رۆژ ده‌بێت و هۆکاره‌که‌شى به‌ڕێوه‌چوونى مانۆڕى سه‌ربازى هاوبه‌شى ئه‌و وڵاته‌ له‌گه‌ڵ عێراقه‌”.

“ئارام سایه‌خان” به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندی له‌ مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی په‌روێزخان له‌ لێدوانێکى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، له‌لایه‌ن به‌رپرسانى مه‌رزى نێوده‌وڵه‌تى په‌روێزخان له‌ دیوى کۆمارى ئیسلامى ئێرانه‌وه‌ ئاگادارکراونه‌ته‌وه‌ که‌ بۆ ماوه‌ى دوو رۆژ هاتوچۆکردن له‌ مه‌رزه‌که‌ راده‌گیرێت.

ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، به‌رپرسانى مه‌رزه‌که‌ له‌ دیوى کۆمارى ئیسلامى ئێرانه‌وه‌ هۆکارى بڕیارى داخستنى مه‌رزه‌که‌یان بۆ ئه‌نجامدانى مانۆڕى سه‌ربازى هاوبه‌شى ئه‌و وڵاته‌ له‌گه‌ڵ عێراق گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌.
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ى ئێران و ئه‌نجامدانى مانۆڕى سه‌ربازى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ عێراق پاش به‌ڕێوه‌چوونى ریفراندۆمه‌که‌ى هه‌رێمى کوردستانه‌ که‌ هه‌ردوو وڵات چه‌ندین جار دژایه‌تى خۆیان بۆ ئه‌نجامدانى ریفراندۆمه‌که‌ راگه‌یاندووه‌.

رۆژى دوو شه‌ممه‌ى رابردوو رێکه‌وتى 25 ى 9 ى 2017 ریفراندۆم له‌ هه‌رێمى کوردستان به‌ڕێوه‌چوو، به‌پێى ئه‌نجامه‌کانیش زیاتر له‌ %92 ى به‌شداربووان به‌ “به‌ڵێ” ده‌نگیان بۆ راگه‌یاندنى سه‌ربه‌خۆیى هه‌رێمى کوردستان داوه‌.

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *