shadow

 

به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندن ژان و داواو مه‌ترسیه‌کانی سه‌ر کوردو کوردستان له‌بۆته‌ی رووداوو گۆڕانکاریه‌ چاوه‌ڕوانکراوه‌کانی ناوچه‌که‌، سه‌ردانی په‌رله‌مانی ئه‌وروپاو چه‌ند ناوه‌ندێکی سیاسیی و دیبلۆماسیمان کرد. هه‌ندێک له‌ دیداره‌کان به‌به‌رچاوی میدیاکانه‌وه‌ بوو، هه‌ندێکیش دوور له‌ چاوی راگه‌یاندن و میدیا. ئه‌وه‌ی گرنگه‌و لێره‌ تیشک بخه‌ینه‌ سه‌ر (به‌یتی قه‌سید) هه‌موو لایه‌ک به‌وردی چاودێری ره‌وش و رووداوه‌کانی کوردستان و ده‌وروبه‌ری ده‌که‌ن له‌ روانگه‌ی کاریگه‌ریی رووداوه‌کان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌گشتی له‌سه‌ر رۆژئاواش هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت پارته‌ سیاسیه‌کان له‌ ناو په‌رله‌مانی ئه‌وروپاو له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی ئه‌وروپا یه‌ک جۆر بیر ناکه‌نه‌وه‌و هه‌ڵوێست وه‌رناگرن. به‌ڵام هه‌موو ئه‌و لایه‌ن و که‌سانه‌ی بینیمانن گره‌نتی سه‌رکه‌وتنی کوردستان له‌ هاوکێشه‌ی گۆڕانکاریه‌کاندا ده‌به‌ستنه‌وه‌ به‌ راده‌ی رێزگرتن له‌ دیموکراسی له‌ ناوخۆدا. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان له‌هه‌موو حاڵه‌ته‌کاندا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ حکومه‌ته‌کاندا ده‌که‌ن! به‌ڵام به‌لایانه‌وه‌ گرنگه‌ فشارو خه‌بات و کارکردن بۆ خۆ گونجاندن له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تیدا به‌ پره‌نسیپی دیموکراسیانه‌ی خه‌ڵک بێت.

ئه‌وان به‌گرنگیه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ که‌مبونه‌وه‌ی فشاری په‌ناهه‌نده‌ له‌سه‌ریان و راسپارده‌یان بۆ حکومه‌ته‌کان رێزگرتنه‌ له‌ رای خه‌ڵک و یاسا.

له‌ گرنگترین دیداردا له‌گه‌ڵ جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا (ئۆلریک لۆناچیک)که‌ رۆژی ۲۷/٤/۲٠۱۷ له‌گه‌ڵیدا ئه‌نجاممان داو چه‌ند په‌رله‌مانتارێکی کورد له‌ ناو په‌رله‌مانی ئه‌وروپا بینیمان و داواکاریه‌کانی خۆمان دایه‌ ده‌ستی، وێڕای ده‌ربڕینی هاوسۆزیی و پشتیوانی، له‌ گرنگترین وته‌کانی بۆ ئێمه‌ باسی له‌ گرنگی پشت به‌ستن بوو به‌ هێزی دیموکراسی ناوخۆ، راسپاردنی ئۆفیسه‌که‌ی بۆ چاودێریکردنی بارودۆخی کوردستان به‌ گرنگیه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌دواداچوون بۆ ئازادکردنی په‌رله‌مانتارانی باکوور له‌ رێگه‌ی فشاری په‌رله‌مانی ئه‌وروپا له‌سه‌ر تورکیا.

سه‌باره‌ت به‌ پارته‌ کوردستانیه‌کان له‌ ئه‌وروپا که‌ کۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ کردن له‌ باره‌گای کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان له‌ برۆکسل جگه‌ له‌ نوێنه‌ری پارتی چه‌ندان حزبی چوار پارچه‌ی کوردستان ئاماده‌ی بوون، نه‌بوونی یه‌ک تیمی و نه‌بوونی پلان و کاری هاوبه‌ش هه‌ست پێ کرا، سود وه‌رنه‌گرتن له‌و که‌شه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ کاری دیبلۆماسیی له‌لایه‌ن نوێنه‌رایه‌تی حزبه‌ کوردیه‌کانه‌وه‌، به‌ڵام هه‌مووان یه‌ک ده‌نگ بوون له‌وه‌ی بارودۆخی کوردستان ئیحراجی بۆ ئه‌مان له‌ده‌ره‌وه‌ دروست کردوه‌و، تانه‌یان لێ ده‌درێت له‌ پێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤ و خۆ نه‌گونجاندن له‌گه‌ڵ راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی. سه‌رباری قوربانیدانێکی زۆر له‌شه‌ڕی تیرۆردا له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌و خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ ره‌وه‌ندی کوردیش به‌هه‌مان شێوه‌ نیگه‌رانی و توڕه‌یی و دڵته‌گیه‌کی زۆر پیشاندرا له‌ و دابڕان و ترازانه‌ سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی له‌ کوردستاندا هه‌یه‌و پارته‌کانی کوردستان وا کارده‌که‌ن لێره‌ش ره‌وه‌ندی کوردیی په‌رت و دابه‌شبێ به‌سه‌ر لایه‌نه‌ سیاسیه‌کاندا.

حکومه‌تی هه‌رێم وه‌ک چۆن له‌ ناوخۆی کوردستان نه‌یتوانیوه‌ خزمه‌تی خه‌ڵکه‌که‌ی بکات له‌ ده‌ره‌وه‌ش نوێنه‌رایه‌تیه‌کانی له‌ گرفتی په‌نابه‌ران به‌گشتی و ره‌وه‌ندی کوردیی ناپرسنه‌وه‌. ته‌نانه‌ت نه‌یانتوانیوه‌ سود له‌ تواناکانی ئه‌و هه‌زاران خوێنده‌وارو گه‌نجه‌ ببینن که‌ چونه‌ته‌ ناو داموده‌زگاکانی فه‌رمی ئه‌و وڵاتانه‌وه‌.

له‌ده‌ره‌وه‌ توانایه‌کی گه‌وره‌ی مرۆیی کوردستانی هه‌یه‌ حزبه‌کانی باشوور به‌تایبه‌تی نه‌یانتوانیوه‌ سه‌رمایه‌گوزاریی و رێکخستنی تێدا بکه‌ن، بیریان لای ئه‌م توانا گه‌وره‌یه‌ی ره‌وه‌ندی کوردیی نیه‌ که‌ هێزێکی گه‌وره‌ی گۆڕانکارییه‌.

له‌ هۆڵه‌ندا ره‌وه‌ندی کوردی به‌ چه‌پکه‌ گوڵ پێشوازیان له‌ په‌رله‌مانتارانی کوردستان کرد! هه‌ستێکی خه‌مناک و شادومان دایگرتم هه‌ستی شادی رێزگرتن له‌ نوێنه‌رانی گه‌ل له‌ده‌ره‌وه‌ و هه‌ستێکی دڵته‌نگ له‌ سوکایه‌تیکردن به‌په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتاران له‌لایه‌ن حزبه‌کان له‌ناوه‌وه‌..

له‌م سه‌فه‌ره‌دا وێڕای سه‌رنجێکی زۆری نه‌وتراو ده‌مه‌وێت بڵێم په‌یامی ئه‌وروپاییه‌کان بۆ کوردو کوردستان رێزگرتنه‌ له‌ دیموکراسی و حوکمی یاسا ئه‌وان زۆر بایه‌خ به‌ ورده‌کاریی کێشه‌ ناوخۆییه‌کان ناده‌ن هه‌رچه‌نده‌ زۆر نیگه‌رانن به‌ داخستنی په‌رله‌مان و هه‌موو راده‌ی دیموکراتیزه‌ی وڵات و کۆمه‌ڵگاکان له‌ روانگه‌ی چالاکی و کاری په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌بینن، له‌هه‌مانکاتدا ئه‌وان ده‌ڵێن پشت به‌خۆتان ببه‌ستن بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌کانتان و خۆتان ده‌توانن گۆڕانکاریی پۆزه‌تیڤ ئه‌نجام بده‌ن.

به‌م هه‌نگاوه‌ش ده‌رئه‌نجام پشتیوانی به‌کرداری ئێمه‌ مسۆگه‌ر ده‌که‌ن.

سالار مه‌حمود_ فره‌نسا

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *