shadow

ئەندامێکی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایدەگەیەنێت سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ بەستنی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان تەواوو بوون و بارودۆخی ناوخۆی حزبەکە وا دەخوازێت لە نزیکترین کاتدا کۆنگرە ببەسترێت و لەوە زیاتر دوانەکەوێت.

ئاسۆ شێخ نوری لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ PUKcc.net سایتی ئەنجومەنی ناوەندی وتی: یەکێتیی نیشتیمانی کورستان حزبێکی جەماوەرییە و رەگ و ریشەی لە ناو کۆمەڵانی خەڵکدا داکوتاوە ، ئەم حزبە بە حزبی مام جەلال ناسراوە، بەشی زۆری ئەندامان و کادیران و جەماوەرەکەی ئەو کەسانەن کە لەدەوری مام جەلال و رێبازەکەی کۆبوونەتەوە، کێشەی ئەمرۆی یەکێتی لە ناوخۆی حزبەکەدا خۆی دەبینێتەوە و کێشەی سەرکردایەتی هەیە ، ئەم سەرکردایەتیە ئیفلیج بووە توانای سازدانی کۆبوونەوەکانی خۆی نیە، گەلێک جار ئێمە رەخنەمان لەسەرکردایەتی یەکێتی گرتووە بەڵام هەمیشە مام جەلال جەختی دەکردەوە کە هێزی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە سەرکردایەتیدا نیە بەڵکوو لە ئەندامان و کادیران و جەماوەرەکەیدایە.

وتیشی: لەم کاتەی ئێستا کە چەند لایەن پیلان لە دژی یەکێتی دەگێرن لە راگەیاندنەکانەوە پەلامار دەدرێت و هەڵمەتی چەواشەکاری لە دژی بەرپا دەکەن بەداخەوە بەهۆی بێ توانایی و لاوازی سەرکردایەییەوە یەکێتی نەیتوانیوە بە پلانێکی تۆکمە بەرامبەر هەموو ئەو پیلانانە بوەستێتەوە بەڵام دڵنیاین لەوەی وەکو رۆژگاری دەری خست یەکێتی ئەو حزبە نیە بە پیلانی چەند لایەنێک بتوانن کودەتای بەسەردا بکەن، لەسەر ئاستی رێکخراوەی ئۆرگانەکانی یەکێتی هەموو بە ئەرکی خۆیان هەڵدەستن و پابەندن بە پەیڕەوی ناوخۆ و رێبازی مام جەلالەوە کە ئەمەش تەنها رێبازی زاڵبووونی یەکێتیە بەسەر هەموو تەنگەژەکان و پیلانی ناحەزان و نەیاران.

لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی کۆنگرە و ئەو وادانەی کە بۆ ئەنجامدانی كۆنگرە دەستنیشانکراوە ئاسۆی شێخ نوری رایگەیاند: کۆنگرە پرۆسەیەکی گرنگە بۆ نوێبوونەوەی حزب و پێداچوونەوە بەبەرنامە و کارەکانی رباتبردوو و دارشتنی بەرنامە بۆ ئایندە پێویستە هەر سێ ساڵ جارێک یەکێتی کۆنگرەی ئاسایی خۆی ئەنجام بدات لە ئێستایشدا کە کۆنگرە زۆر دواکەوتوە و باوردۆخەکەیش لێمان دەخوازێت کە کۆنگرە ببەستین.

ئاماژەی بۆئەوشکرد: هەر لەساڵى 2015 وە کۆمیسیۆنی ئامادەکاری کۆنگرەی چوارەم کە ئەنجومەنی سەرکردایەتی پێکیهێنا بۆ ئامادەکردنی ئەو سێکتەرانەی کە بۆ کۆنگرە پێویستە ، ئەنجومەنی ناوەندی پەیڕەوی ناوخۆی بۆ کۆنگرەی چوارەم ئامادەکرد، بەڵام بەهۆی چەند گرفتێکی ناوخۆیی و پاشان نەخۆشکەوتنی هەڤاڵ مام جەلال نەتوانرا لەو ساڵەدا کۆنگرەی چوارەم ببەسترێت، ئێمە وەکو ئەنجومەنی ناوەندی ئەوەی لەسەرمان بووە کردوومانە، لیژنەیەکی تایبەت لە ئەنجومەنی ناوەندی پەیڕەوی ناوخۆی بۆ کۆنگرەی چوارەم ئامادە کردوە و زۆربەی ئامادەکارییەکانیتر هەر پێش 2 ساڵ لەمەوپێش تەواوبوون و سەرجەم رێکارەکان لە پەیڕەوی ناوخۆی پەسەندکراوی کۆنگرەی سێ دا دیاری کراوە ، ئێمە پێمان وایە کە دەتوانرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆنگرە ببەسترێت.

لەبارەی ئەوەی تا چەند کۆنگرە چارەسەری کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی دەکات: ئاسۆی شێخ نوری وتی: کۆنگرە دار عەسایەکی سیحری نیە بتوانێت هەموو کێشە و گرفتە ناوخۆیەکانی حزب چارەسەر بکات خۆ لایەنی کەم دەتوانێت نیوەی کێشەکان چارەسەر بکات.

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *