shadow

 

سەرۆکی فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی عیراق هۆشداری دەداتە لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێم لەسەر بونی مەترسی گەورە لەسەر هەرێمی کوردستان و دەڵێت”حکومەتی عیراقی لەدوای پاساوێکدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی هێز ڕەوانەی شارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و سەرجەم شوێنەکانی تر بکات و دەسەڵاتی خۆی تێدا بچەسپێنێت.”

ئارێز عەبدوڵا وتیشی”بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان مەترسیدارە و پێویستە هەرچی زووە لایەنە سیاسیەکان بەگفتوگۆ کێشە ناوخۆییەکان چارەسەر بکەن تا دەرفەت نەدرێت بە هیچ وڵاتێک ئەو کێشانەی ناوخۆ بقۆزێتەوە.”

ئارێز عەبدوڵا لەمیانی گفتوگۆیەکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا ئەو مەترسیانەی سەر هەرێمی کوردستانی ڕوونکردەوە و وتی:ئەگەر هەرچی زووە لایەنە سیاسیەکان ئەو کێشانە چارەسەر نەکەن و سیستمی حکومڕانی نەکرێتە پەرلەمانی و حکومەت نەبێتە حکومەتی کۆکەرەوەی لایەنەکان و چاکسازی نەکات و گوزەرانی خەڵک باش نەکات ئەوا ئەو دەنگە ناڕازییانەی خەڵک ئەگەری زۆرە دواجار ببێتە هۆی ئەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایی بێتەوە سەر شەقامەکان ئەوکات حکومەتی عیراقی بە پاساوی پاراستنی هاوڵاتیان و بۆشایی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان هێز ڕەوانەی هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە”

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە ئەندامی سەرکردایەتیشە رایگەیاند” حکومەتی عیراقی بەوردی چاودێری دۆخی هەرێمی کوردستان دەکات وەک ئەوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو بینیمان خێرا لەسەر دۆخی زاخۆ هاتە دەنگ بەدوای ئەو پاساوەدا دەگەڕێت کە هەموو شار و شوێنێکی کوردستان وەک کەرکوک و ناوچەکانی موسڵ لەڕێگای هێزەوە دەستی بەسەردا بگرێت وبیخاتەوە ژێردەستی خۆی بۆیە بەدوری نازانم لە ئەگەری ئەنجامدانی هەر ناڕەزایی و خۆپیشاندانێک گرژی دروست ببێت و ئەو گرژیەش وابکات کە حکومەتی عیراقی هێز ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکات بە پاساوی پاراستنی هاوڵاتیان و پڕکردنەوەی بۆشایی دەسەڵات”

ئارێز عەبدوڵا ڕەتی کردوە کە ڕیفراندۆم تاکە هۆکاری ئەو پاساوەی حکومەتی عیراقی بێت بۆ ئەوەی هێز ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکات بەڵام ئەوەشی وت”ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بووە پاساوێکی باش بۆیان،وەک سیاسیەکی عیراقی وتی”ڕیفراندۆم دیاری خوا بوو بۆ ئێمە”

هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوری هەمیشەیی عیراقی(ساڵی 2005) دانی پێدانراوە وەک هەرێمێک،لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا لە حاڵەتی ناردنی هێز لەلایەن عیراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان تا چەندە ئەوە پێشێل کردنی دەستورە و ڕای پەرلەمانی عیراقی چی دەبێت لەسەر پێشێل کردنی دەستور لەلایەن حکومەتەوە؟ئارێز عەبدوڵا وتی”هەر بۆ خۆی دەستور مەترسی پێشێل کردن و تەنانەت هەموارکردنیشی هەیە بە بێ پرس کردن و ڕا وەرگرتنی کوردەکان”

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *